پلانی پەرەپێدانی ستراتیجی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق

ووته‌ى پێشه‌كى له‌لایه‌ن وه‌زیرى پلاندانانى

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

له‌ میانى هه‌نگاونان به‌ره‌و گه‌شه‌پێدانێكى به‌رده‌وام، له‌ ئه‌یلولى ساڵى 2013 وه‌زاره‌تى پلاندانان له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵسا به‌ ڕاگه‌یاندنی دیدگاى «هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق2020: دیدگایه‌ك بۆ ئایینده‌«. دیدگاى هه‌رێمى كوردستان 2020 نه‌خشه‌ ڕێگاى ئایینده‌یه‌كى بڕیار له‌سه‌ردراوى بۆ هه‌رێمه‌كه‌ داڕشتووه‌، كه‌ تیایدا ئامانج و ئه‌و ئاڕاسته‌ ستراتیجیانه‌ ده‌پێكێت كه‌ ئامانجیان باشتركردنى خۆشگوزه‌رانى گه‌لانى هه‌رێمى كوردستانه‌.

له‌ پێناو گرتنه‌به‌رى پەیڕەوێكى گشتگیر و هاوبه‌ش له‌ پرۆسه‌ى پلاندانانى ستراتیجی، وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ پڕۆگرامى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ گەشه‌پێدان (UNDP) هه‌وڵه‌كانیان چڕكرده‌وه‌ بۆ داڕشتنى ستراتیجى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكان بۆ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان (هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆك) به‌جۆرێك كه بتوانێت شێوازى پەیڕەوی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بسه‌لمێنێت له‌ كاتى بونیادنانى ستراتیجه‌كان و چاڵاکیەکانی پلاندانان به‌ره‌و به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى دیدگاى هه‌رێمى كوردستان. به‌ پشتبه‌ستن به‌ پەیڕەوی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ خواستى هاوڵاتیان و هیواكانیان، له‌ نیسانى 2013 وه‌زاره‌تى پلاندانان له‌گه‌ڵ پڕۆگرامى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ گەشه‌پێدان (UNDP)  ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌یان به‌رپاكرد، دواى واژووكردنى ڕێكه‌وتنامه‌ى هاوبه‌شیكردنى خه‌رجیه‌كان كه‌ وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌ شێوه‌یەکى ڕاسته‌وخۆ دارایی  پڕۆژەکەی کردوە‌. له‌ كاتى واژووكردنى ڕێكه‌وتنامه‌ى ئه‌م پڕۆژەیە‌، پارێزگا نوێیه‌كه‌ى هه‌رێم، هه‌ڵه‌بجه‌ى خۆشه‌ویست، هێشتا بڕیارى له‌سه‌ر نه‌درابوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ دەكه‌وێته‌ نێو بوارى هاوكارییه‌ ئایینده‌یه‌كانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆگرامى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ گەشه‌پێدان UNDP، ئه‌ویش له‌ پێناو دڵنیاكردنه‌وه‌ى هاوكارى ته‌كنیكى و بونیادنانى تواناكان بۆ داڕشتنى ستراتیجێكى تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌  كه‌ ئاراسته‌كراوبێت به‌ره‌و به‌دیهێنانى گه‌شه‌پێدانێكى به‌رده‌وام.

خۆمان به‌ به‌خته‌وه‌ر ئه‌زانین كه‌ هه‌رسێ ستراتیجى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكانمان به‌ ته‌بایى له‌گه‌ڵ بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئاماده‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنى ڕێبازی داینامیكى پێویستبوونى بەشداریکردن تیایدا و هه‌روه‌ها  خاوه‌نداریه‌تى پارێزگاره‌كان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، به‌ هاوكارى كارمه‌ندان و پسپۆرانى خۆجێى هه‌ر پارێزگایه‌ك. هه‌روه‌ها خۆشبه‌ختین كه‌ ستراتیجه‌كانى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكان دیدگاى 2020 هه‌رێمى كوردستانیان وه‌ك ڕێبه‌رێك بۆ نه‌خشه‌ رێگاكه‌ى به‌كارهێنراوه‌، له‌هه‌مان كاتدا تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر جوانى و تایبه‌تمه‌ندێتیەکانی هه‌ر پارێزگایه‌ك و بواره‌ هاوبه‌شه‌كان و وورده‌كاریه‌ یه‌كگرتووه‌كانى نێوانیان.

هه‌رسێ ستراتیجه‌كه‌ى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكان پێویستییه هاوبەشەکانی پارێزگاكان ده‌رده‌خات كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێن بۆ نمونه‌ برەودانی پێویست به‌ بوارى یاسادانان و پڕۆژە‌ ستراتیجییه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان. تا ڕاده‌یه‌كى زۆر  پێویستییه‌ هاوبه‌شەکان‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ته‌واو له‌گه‌ڵ  چاره‌سه‌رەکان‌ ته‌بان كه‌ بۆ به‌نگاربوونه‌وه‌كانى نێو دیدگاى 2020 هه‌رێمى كوردستان پێشنیاركراون، هەروەها زۆر له‌و پێویستییه‌ هاوبه‌شانه‌ش ڕوون و له‌به‌رچاون. به‌مه‌ش، ئاستى ته‌بابوونى نێوان دیدگاى 2020 هه‌رێمى كوردستان و ستراتیجه‌كانى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكان، چ له‌ لایه‌نى به‌رەنگاربوونه‌وه‌ بێت یان له‌ لایه‌نى خواسته‌كان بێت، یه‌كبوونى ده‌نگه‌كان ده‌سه‌لمێنێت له‌نێو پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان كاتێك بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌نداره‌ به‌ ئامادەکردنی پێشینه‌كان و پێداویستیه‌كانى خه‌ڵك.

داڕشتنى ئه‌م سێ ستراتیجه‌ى پارێزگاكان یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ره‌و گه‌شه‌پێدانێكى سیستەمدارى به‌رده‌وام، به‌ڵام پێویستى به‌وه‌یه‌ كه‌  له‌نێو پڕۆژەکان و كرداره‌كانى سه‌ر زه‌مین پەیڕەو بكرێن. پێوانه‌کردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌ره‌وپێشچوونيش له‌ کاتی جێبەجێ کردندا بەرەنگاربونەوەیەکی بایەخدارە. وه‌زاره‌تى پلاندانان هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌ك بۆ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان دابین ده‌كات له‌ كاتى هه‌وڵه‌كانیان بۆ جێ به‌جێكردنى ستراتیجى گشه‌پێدانى پارێزگاكان. له‌گه‌ڵ هیوا و نزاى هه‌میشه‌مان بۆ به‌ره‌وپێشچوونێكى ئارام و به‌رده‌وامى هه‌رێمى كوردستان.

د. على سندى
وەزیرى پلاندانان
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
تشرینى دووەم 2015

پارێزگاكانی كوردستان